کاتژمێر 4:00 پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی یه‌کشه‌ممه 10 جۆزه‌ردانی 2709 (31 مای 2009)، له هۆتێل هه‌ورامانی شاری هه‌ولێر، پرێس کۆنفرانسێکی هاوبه‌ش بۆ به‌ڕێزان حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان و که‌ماڵ که‌ریمی کارگێڕی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، بۆ شیکردنه‌وه‌ی زیاتری سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌که‌ی نێوان PAK و حدک سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌کانی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌رکۆماری له ئێران، به‌ڕێوه‌چوو.
له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا که‌ماڵ که‌ریمی به ئاماژه‌کردن به‌وه‌ی که بۆ یه‌که‌مجاره پاش 30 ساڵ زوڵم و زۆر له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، رۆشنبیرانی غه‌یره کورد و ستاده‌کانی ئه‌م کاندیداتۆرانه باس له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران ده‌که‌ن، وتی: "بۆ یه‌کمجاره که له پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی‌دا رۆشنبیرانی ئێرانی، رۆشنبیرانی غه‌یری کورد باس له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گه‌لانی ئێران ده‌که‌ن، باس له زوڵملێکراوی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ده‌که‌ن، بۆیه‌که‌مجاره ستاده‌کانی ئینتیخاباتی ئه‌و کاندیداتۆرانه له تاران به‌یاننامه ده‌رده‌که‌ن له‌سه‌ر به‌شخوراوی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان و باس له‌وه ده‌که‌ن که ده‌بێ کاندیداتۆره‌کانیان رێگه‌چاره بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه پێشنیهاد بکه‌ن". له وه‌ڵامی پرسیارێکدا که ئایا پێتان وایه چه‌نده ئه‌وه‌ی که‌ڕوبی ئاماژه‌ی پێده‌کا باوه‌ڕی به نه‌ته‌وه‌کانی تری ناو ئێران هه‌یه، پێتان وانییه که ئه‌مه پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنه و بۆ به‌ده‌سهێنانی ده‌نگی کورده‌کانه بۆ ئه‌وه‌ی که بگا به سه‌رۆکایه‌تی، که‌ماڵ که‌ریمی وتی: "هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له‌و ده‌وره‌دا به‌هیچ جۆرێک هه‌ده‌فێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بزانین سه‌رکۆمار دووایی چی ده‌کا، ئێمه وه‌ک له درووشمه‌که‌ماندا دیاره ده‌ڵێین ئێمه له 30 ساڵی ڕابردوودا زۆرلێکراوبووین، ئێستا بۆ یه‌که‌مینجاره که ئێمه توانیومانه له درێژه‌ی ئه‌و خه‌باته خوێناوییه‌ی 30 ساڵی ڕابردوودا کێشه‌که‌مان بگه‌یه‌نینه ئاستی به‌رنامه‌کانی کاندیداتۆره‌کانی ریاسه‌تی جمهورییه‌وه". له‌و پرێس کۆنفرانسه‌دا، له ده‌سپێکی قسه‌کانیدا به‌ڕێز حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان باسی له بنه‌مای سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌کان له جیهاندا کرد و وتی: " بنه‌مای سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌کان له جیهانی ئه‌مڕۆدا به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مه‌عریفی داده‌نرێ که له دنیادا به قوتابخانه‌ی ریالیستی ناسراوه. به پێی ئه‌م قوتابخانه‌یه، سیاسه‌ت ته‌عامول له‌گه‌ڵ واقع ده‌کا و دووره له هه‌ست و سۆز و عاتیفه". له درێژه‌ی قسه‌کانیدا جێگری سه‌رۆکی PAK، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی به ده‌رفه‌تێک بۆ داواکاریی گه‌لی کورد زانی بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه به خه‌باتیان له پێناو وه‌دیهێنانی مافه‌کانیان بده‌ن و وتی: "ئێمه پێمانوایه هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌رۆک کۆماری له ئێران‌دا ده‌رفه‌تێکی بۆ خه‌ڵکی کوردستان پێكهێناوه که بتوانن که‌ڵکی لێوه‌ربگرن و گه‌شه به خه‌باتی خۆیان بده‌ن و ئێمه‌ش وه‌کوو حیزبێکی سیاسی به گرتنه به‌ری هه‌ڵوێستی به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌باته‌ی که له نێوخۆی وڵات‌دا هه‌یه یه‌ک ده‌گرینه‌وه". هه‌روه‌ها له به‌شێکی دیکه له قسه‌کانیدا یه‌زدانپه‌نا، باس له قامووسی ئێران ده‌کا که تا ئێستا ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی ئێران به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ده‌ڵێن "قه‌وم" و به‌رنامه‌ی مه‌هدیی که‌ڕووبی به به‌رنامه‌یه‌کی جێی بایه‌خ ده‌زانێ و ده‌ڵێ: " له نێو ئه‌و به‌رنامانه‌دا که کاندیداکان هێناویانه‌ته گۆڕێ، له روانگه‌ی ئێمه‌وه به‌رنامه‌ی مه‌هدیی که‌ڕووبی به‌رنامه‌یه‌کی جێی بایه‌خه. له‌به‌رچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دان به فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێران‌دا داده‌نێ. راسته له قامووسی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران‌دا و هه‌روه‌ها له قامووسی سیاسیی ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی‌دا، هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان یان هێزی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی لێ ده‌رچێ، ئه‌وان به کورد و باقی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ده‌لێن "قه‌وم" یان "ئه‌قوام". "قه‌وم" له زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌توانێ موته‌رادف بێ له‌گه‌ڵ "میلله‌ت"، به‌ڵام له زمانی فارسی دا مانای میلله‌ت ناداته‌وه، به‌ڵکوو پێیانوایه به هه‌موو ئه‌و قه‌ومانه میلله‌تێك دروست ده‌بێ. هاوکات فارسیش له‌گه‌ڵ باقی نه‌ته‌وه‌کان هه‌موویان به قه‌وم دانراوه، نه‌ک ئه‌وه‌یکه فارس به میلله‌ت دابنرێ و کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به قه‌وم دابنرێن". له درێژه‌ی قسه‌کانیدا حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، باسی هه‌ڵبژاردن و کاندیداکانی کرد و گوتی: " ئێمه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌مان رێک نه‌خستووه و کاندیده‌کانیش هی ئێمه نین. کاندیداکان، کاندیدای کۆماری ئیسلامیین و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش له چوارچێوه‌ی سیسته‌می کۆماری ئیسلامیدایه به‌ڵام، به جیاوازییه‌ک که له نێوان ئه‌و به‌رنامانه‌دا هه‌یه و ده‌توانم بڵێم ئینشقاقێک له ریزی کۆماری ئیسلامی‌دا کراوه و ئێمه پێمانوایه که ده‌بێ ئه‌و ئینشقاقه قووڵ بکه‌ینه‌وه، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی که که‌ڕووبی رایگه‌یاندووه بیکه‌ین به ماڵ له‌سه‌ر خۆی، له‌سه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئه‌مڕۆش و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووش". سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی هاوبه‌شی PAK و حدک و ده‌نگدانه‌وه پشتیوانیی خه‌ڵکی نێوخۆی وڵات، یه‌زدانپه‌نا وتی: " تا ئێستاش که ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان گرتووه و به‌تایبه‌تی به به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی نێوان پارتی ئازادیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئه‌گه‌ر له ئاستی حیزبی‌دا نه‌مانتوانیوه یه‌کده‌نگی دروست بکه‌ین) به‌ڵام له ئاستی کۆمه‌ڵگادا ده‌توانم بڵێم به راده‌یه‌کی باش یه‌کده‌نگییه‌ک دروست کراوه که رۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌م شێوه‌یه بچنه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌وه بچنه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه و مۆری خۆیان له‌سه‌ر ئاکامه‌کانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بده‌ن". جێگری سه‌رۆکی PAK له وه‌ڵامی پارسیارێکدا که ئێوه هه‌ردوو حیزبی ئۆپۆزیسیۆن تا چه‌ند پێوه‌ندیدتان هه‌یه له‌گه‌ڵ که‌ڕوبی و مووسه‌وی، وتی: "سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو کاندیداتۆرییه، ئێمه وه‌کوو پارتی ئازادیی کوردستان پێوه‌ندیی راسته‌وخۆمان نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و چالاکه سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی که له نێوخۆی وڵات‌دا هه‌ن و به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان پێوه‌ندی و قسه و باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان له نێواندا هه‌یه، ئه‌وان له چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه حه‌ولیان داوه له کاناڵه‌کانی خۆیانه‌وه جۆرێک وتووێژ له‌گه‌ڵ کاندیداکان بکه‌ن و به‌شداریی گه‌لی کورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ببه‌ستنه‌وه به‌وه‌ی که کام کاندید چه‌نده دان به‌و مافانه‌دا ده‌نێ و چه‌نده قه‌بوڵی ویسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کا". هه‌روه‌ها له وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه‌دا که ئایا به ڕای ئێوه وه‌کوو حیزبی کوردستانی ئێران پێتان وانییه به نه‌بوونی یه‌ک هه‌ڵوێستی حیزبه‌کان درزێک له نێو مێژوو یاخود پرۆسه‌ی سیاسیی له کوردستانی ئێران ببێ و ببێته هۆکارێک که مافه‌کان که‌متر به‌دی بێن له‌وه‌ی هه‌موومان به یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێستی بڵێین وامان ده‌وێ، له‌وه‌یکه باڵێک بڵێ وامان ده‌وێ و باڵێک بڵێ وامان ناوێ، وتی: ئه‌و قسه‌یه زۆر دروسته. به‌ڵام ئه‌و ده‌رده ته‌نیا له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌رچاو ناکه‌وێ، ئه‌مه ده‌ردێکی کۆنه، مێژوویه‌کی کۆن و دوور و درێژی هه‌یه له کوردستاندا. هه‌ر له‌سه‌رده‌می میرنشینه‌کانه‌وه تا ئێستا کورد له‌گه‌ڵ ئه‌م پارچه پارچه بوونه و نه‌بوونی خیتابی یه‌کگرتوودا ده‌ژی. ئێمه وه‌کوو پارتی ئازادیی کوردستان هه‌م حه‌وڵماندا هه‌م پێمانخۆشبوو که هه‌موو هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان پێکه‌وه بتوانین یه‌کهه‌ڵوێست بین. به‌ڵام روانینی جیاواز، ئیستراتیژی جیاواز بۆ مه‌سه‌له‌که، به‌داخه‌وه له‌و مه‌وزوعه‌شدا وایکرد که به‌سه‌ر دوو بۆچوونی سه‌ره‌کیدا دابه‌ش بین، یه‌کیان پشتگیری و یه‌کیان ته‌حریم، ئێستاکه واقیعه‌که ئه‌وه‌یه ئێمه حه‌ولده‌ده‌ین که ئه‌م دیارده‌یه نه‌بێته هۆکارێکی دیکه‌ی ناکۆکی، له خه‌ساره‌تی ئه‌م یه‌کنه‌بوونه حه‌ولده‌ده‌ین که‌م بکه‌ینه‌وه. بۆ نموونه ئێمه سیاسه‌تی خۆمان بانگه‌شه ده‌که‌ین، ڕه‌تی سیاسه‌تی خه‌ڵکی تر ناکه‌ینه‌وه. ئێمه باس له پێشنیار و بۆچوونه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین، سیاسه‌تی خه‌ڵکی دیکه ناده‌ینه به‌ر ڕه‌خنه. ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ڕاسته ئه‌له‌م مه‌سه‌له دیاره‌دا جیاوازین و جیاواز بیرده‌که‌ینه‌وه و جیاواز هه‌ڵوێستمان گرتووه، به‌ڵام خاڵه‌کانی نزیکی و لێکگه‌یشتنمان زۆر له‌وه زیاتره. ئێمه هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆمان به‌ره‌و پێش ده‌به‌ین له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه حه‌ولده‌ده‌ین که دووری دروست نه‌بێ، به‌ڵکوو به نه‌وعێکی دیکه بۆ هه‌نگاوێکی دیکه و بۆ ڕووداوێک بتوانین ئه‌و یه‌ک هه‌ڵوێستییه دروست بکه‌ین". بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وته‌کانی جێگری سه‌رۆکی PAK ئێره کلیک بکه. پارتی ئازادیی کوردستان کۆمیته‌ی راگه‌یاندن 11 جۆزه‌ردانی 2709 1 ژوئه‌نی 2009
|
نووسینی| کوردستانی گەورە |2009/6/7|
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ ژماره‌ی کرته‌کان له‌م بلاگه |
|
| ته‌واوی هێز له بلاگی کوردی دایه |